قۆرغکردنى پشتیوانیى دارایى نێودەوڵەتى بۆ 'ڕێکخراوە حیزبییەکانى بنەماڵە دەسەڵاتدارەکان'؛ ڕێكخراوەكان نیگەرانن

29-10-2025 06:42

پەرەگراف

دەیان دامەزراوە، ڕێكخراو و چالاكی كۆمەڵگەی مەدەنی، نیگەرانن لەوەی زۆرینەی نوێنەرانی وڵاتان و لایەنە پارەبەخشە نێودەوڵەتییەكان، پشتیوانیی دارایی پێشكەش بەو ڕێكخراوانە دەكەن كە سەر بە "بنەماڵە دەسەڵاتدارەكانی هەرێمی كوردستانن".

ئەو دامەزراوە و ڕاێكخراوانە لە بانگەوازێكدا كە ئاراستەی باڵیۆزخانە و كونسوڵگەرییەكان، ئاژانسە نێودەوڵەتییەكانی بواری گەشەپێدان و ڕێكخراوە ناحكومییە نێودەوڵەتییەكانیان كردووە، دەڵێن "كاتێك سەرچاوە و پشتیوانییە نێودەوڵەتییەكان بەرەو ئەو ڕێكخراوانە دەڕۆن كە پشتگیریی حیزبییان هەیە، ڕێكخراوە دێرین و سەربەخۆكان پەراوێز دەخرێن و توانای كاركردنیان سنووردار دەبێت".

بانگەوازەكە كە لەژێر دروشمی "پاراستنی بێلایەنی و شەفافیەت لە هاوبەشیكردن لەگەڵ كۆمەڵگەی مەدەنی لە هەرێمی كوردستان و عێراق"دایە، تێدا هاتووە "بنەماڵە دەسەڵاتدارەكانی هەرێمی كوردستان بە هەنگاوێكی پلان بۆ داڕێژراو" لە هەوڵی ئەوەدان هاوشێوەی هەموو جومگە هەستیارەكانی دیكە، ڕێكخراوە ناحكومییەكانی كۆمەڵگەی مەدەنییش بخەنە ژێر كۆنترۆڵی خۆیانەوە.

"تێبینیمان كردووە كەماوەی چەند ساڵێكە ژمارەیەكی بەرچاو لە ڕێكخراوی ناحكومی دامەزراون كە پەیوەندیی ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆیان لەگەڵ حزبە سیاسییە دەسەڵاتدارەكان و كەسایەتییە سیاسییەكاندا هەیە. بەو هۆیەوە لەناو زیاتر لە شەش هەزار ڕێكخراوی ناحكومی لە هەرێمی كوردستان، گرووپێك ڕێكخراو جیاكراونەتەوە و موڵك و بودجەی گشتی وەردەگرن، بەبێ میكانیزمێكی ڕوون و بوونی شەفافیەت و لێپرسینەوە"، بانگەوازەكە وا دەڵێت.

دەقی بانگەوازەكە:

بانگەوازێك بۆ پاراستنی بێلایەنی و شەفافیەت لە هاوبەشیكردن لەگەڵ كۆمەڵگەی مەدەنی لە هەرێمی كوردستان و عێراق
بۆ بەڕێزان:

باڵیۆزخانە و كونسوڵگەرییەكان
ئاژانسە نێودەوڵەتییەكانی بواری گەشەپێدان
ڕێكخراوە ناحكومییە نێودەوڵەتییەكان

لە سایەی ئەو گۆڕانكارییە سیاسی، ئابووری و كۆمەڵایەتییە دژوارانەی كە لە كۆتاییەكانی سەدەی ڕابردووەوە ناوچەكانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەگشتی و عێراق و هەرێمی كوردستانی بە تایبەت گرتووەتەوە، چەسپاندنی بنەماكانی دیموكراسی و كاركردن بۆ مافەكانی مرۆڤ ڕووبەڕووی ئاڵنگاریی گەورە بوونەوە. لە جەنگە یەك لە داوی یەكەكانەوە، تا پاكتاوی نەتەوەیی و شەڕی ناوخۆ، زنجیرەیەكی سەد ساڵەیە. تا دەگاتە پرۆسەی ئازادیی عێراق، كە هەم دەرفەت بوو، هەم دەیان كێشەی تر كۆن و نوێ سەریهەڵدایەوە، لە پێشیانەوە توندڕەوی و تیرۆر.

ئەم چەند دێڕە لە مێژووی ناوچەكە، پێویستی بەردەوامی ئەو هەوڵانە دووپات دەكاتەوە كە پرۆسەی مرۆڤ سازی و بە دیموكراتیزەكردنی كۆمەڵگە، قۆناغی زۆری لەبەردەم ماوە و پێویستی بە بەردەوامی هەموو هاوبەشەكانییەتی لە ناوخۆی و لە دەرەوە. تا گەشەی دیموكراسی و پێكەوەژیان بەردەوام بێت.

لەم سۆنگەیەوە، كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بەگشتی، ڕێكخراوە مرۆڤ دۆستەكان و هاوپەیمانان بە تایبەتی، ڕۆڵێكی بەرچاوییان گێڕاوە لە پشتیوانیكردنی پرۆسەی دیموكراسی و بنیاتنانی كۆمەڵگەی مەدەنی. ئەو كۆمەك و پاڵپشتییە دارایی و مەعنەوییانەی كە پێشكەش بە ڕێكخراوە نا حكومییە ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەكان كراون، كاریگەرییەكی ئەرێنی و بەرچاویان هەبووە لەسەر بەرەوپێشبردن لە هەموو ئاستەكان. بەڵام ئێمە نیگەرانی دیاردەیەكن لە هەرێمی كوردستان و دەمانەوێت بەم نامەیە ئێوەش ئاگاداربكەینەوە.

بەداخەوە ڕاستییە، كە بنەماڵە دەسەڵاتدارەكانی هەرێمی كوردستان ماوەیەكی درێژە كۆنترۆڵی هەموو جومگە هەستیارەكانیان كردووە، ئەوەی ئێستاش ڕوو دەدات، هەنگاوێكی پلان بۆ داڕێژراوە بۆ دانانی ڕێكخراوە نا حكومییەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی لە ژێر هەمان كۆنترۆڵدا. تێبینیمان كردووە كەماوەی چەند ساڵێكە ژمارەیەكی بەرچاو لە ڕێكخراوی ناحكومی دامەزراون كە پەیوەندیی ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆیان لەگەڵ حزبە سیاسییە دەسەڵاتدارەكان و كەسایەتییە سیاسییەكاندا هەیە. بەو هۆیەوە لەناو زیاتر لە شەش هەزار ڕێكخراوی نا حكومی لە هەرێمی كوردستان، گروپێك رێكخراو جیاكراونەتەوە و مۆڵك و بودجەی گشتی وەردەگرن، بەبێ میكانیزمێكی ڕوون و بوونی شەفافیەت و لێپرسینەوە. ئەم تەرزە لە ڕێكخراو، نوێنەرایەتی بەرژەوەندییەكی سیاسیی و حزبی دیاریكراو دەكەن، نەك پێداویستییە ڕاستەقینەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی.

ئەوەی جێگەی نیگەرانیی ئێمەیە، ماوەیەكە زۆرینەی نوێنەرانی وڵاتان و لایەنە پارەبەخشە نێودەوڵەتییەكان، پشتیوانیی دارایی پێشكەش ئەو جۆرە ڕێكخراوانە دەكەن یان هاوكاریان دەكەن بۆ گەیشتن بە سەرچاوەی دارایی و فراوانكردنی پەیوەندییەكانیان.

ئەم كارە چەندین لێكەوتەی نەرێنی هەیە:

١.لاوازكردنی ڕێكخراوە سەربەخۆكان: كاتێك سەرچاوە و پشتیوانییە نێودەوڵەتییەكان بەرەو ئەو ڕێكخراوانە دەڕۆن كە پشتگیری حیزبیان هەیە، ڕێكخراوە دێرین و سەربەخۆكان پەراوێز دەخرێن و توانای كاركردنیان سنووردار دەبێت.

٢.بەهێزكردنی سیستەمێكی نادیموكراسی: هاوكارییە دەرەكییەكان، دەبێتە هۆی بەهێزكردنی تۆڕی بەرژەوەندییە سیاسییەكان و زیاتركردنی گەندەڵی، كە دواجار پایەكانی دیموكراسی لاواز دەكات. ئەمەش تەنها پرسی مامەڵەی نایەكسان نییە، بەڵكو خراپ بەكارهێنانی پشتیوانیی نێودەوڵەتییە بۆ پتەوكردنی گەندەڵیی ناوخۆیی.

٣.بێهیواكردنی گەنجان و پاڵنانیان بەرەو كۆچ: كاتێك گەنجان و چالاكوانان دەبینن كە دەرفەتەكان بە شێوەیەكی نادادپەروەرانە دابەش دەكرێن و پشتیوانیی نێودەوڵەتیش دەچێتە خزمەتی هەمان سیستەمەوە، بڕوایان بە گۆڕانكاریی ناوخۆیی نامێنێت. ئەم بێهیواییە، تا دێت فراوانتر دەبێت، دەنگی نوێنەری پێشووی نەتەوەكگرتووەكان لە عێراق لەسەر ئەو دیاردانە و دەرەنجامەكانی بەرز بوو.

ئێمە باوەڕمان وایە، كە ئێوە خوازیاری كۆمەڵگەی مەدەنی كاران، وەك چۆن لە وڵاتەكانی خۆتان هەموو كارێكتان كردووە بۆ ئەو خەونە، ئێمەش بە پشتیوانی ئێوە هەموو هەوڵێك دەدەین بۆ كۆمەڵگەیەكی مەدەنی ڕاستەقینە و كاریگەر. لەبەر ئەوە، داواكارین لە بەڕێزتان پێداچوونەوە بە میكانیزمەكانی هەڵسەنگاندن (Due Diligence)دا بكەن و پرۆسەیەكی وردتر بۆ هەڵسەنگاندنی ڕێكخراوە هاوبەشەكانتان پەیڕەو بكەن، بۆ دڵنیابوون لە سەربەخۆیی سیاسی و داراییان.

ئێمەش، داوای مامەڵەیەكی دادپەروەرانە و ڕاستەوخۆ دەكەین لەگەڵ ڕێكخراوە نا حكومییە، ڕاستەقینە سەربەخۆكانی كۆمەڵگەی مەدەنی، بەبێ جیاوازی. لەمەودواش چاودێریی هاوبەشەكانمان لە ڕیكخراوەكان وهاوبەشەكانیان دەكەین و ڕاپۆرت لەسەر ئەو پرسە بڵاودەكەینەوە.
چاوەڕوانی وەڵام و هەنگاوی كرداریتانین

ناوی تۆڕ و ڕێكخراوەكان:

1- فیدراسیۆنی ڕێكخراوەكان، لە (10) رێكخراو، (10) چالاكوان پێكهاتووە
2- تۆڕی ڕێكخراوەكانی هەڵەبجە، لە (24) ڕێكخراو پێكهاتووە
3- سەكۆی هاودەنگی ڕێكخراوەكانی هەڵەبجە، لە (8) ڕێكخراو پێكهاتووە
4- سەكۆی پەروەردەی سەردەم، لە (٤) ڕێكخراو پێكهاتووە
5- ڕێكخراوی پاسەوان بۆ توێژینەوەی سیاسەتە گشتییەكان
6- دامەزراوەی واڵا بۆ گەشەپێدانی بەردەوام
7- رادیۆی دەنگ
8- ڕێكخراوی بیمە بۆ مافە ئابوری و كۆمەڵایەتییەكان
9- دامەزراوەی پەی بۆ پەروەردە و گەشەپێدان


*ئەندامانی فیدراسیۆنی ڕێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی:
1. سەنتەری پەرەپێدانی دیموكراسی و مافی مرۆڤ (DHRD)
2. ڕێكخراوی ئاران
3. ڕێكخراوی دابین
4. ڕێكخراوی ئازادبوون
5. ڕێكخراوی هاریكاری یاسایی ژنان (WOLA)
6. ڕێكخراوی هەڵوێست
7. ئەكادیمیای ژنان
8. ماڵی سەركەوتن بۆ گەشەپێدانی تواناكان
9. ڕێكخراوی كوردستان بۆ هەموان
10. سەنتەری گەشەپێدانی چالاكی لاوان
چالاكوانانی ئەندام لە فیدراسیۆن:
11. شۆڕش ئەمین
12. ئاوات محەمەد
13. بەختیار عەبدوڵڵا
14. سالار فەتاح
15. عالییە فەرەج
16. كنێر عەبدوڵلا
17. قەیسەر ڕەحمان
18. فەرەیدون حەسەن
19. ئەشواق نەجیب
20. ڕوناك رەفیق

• ئەندامانی سەكۆی هاودەنگی ڕێكخراوەكانی هەڵەبجە:
1. ڕێكخراوی نوێ بۆ پاراستنی ژینگە و مافەكانی ژنان
2. ڕێكخراوی كەمئەندامانی هەڵەبجە
3. ڕێكخراوی ئارامی هەڵەبجە بۆ پاراستنی مرۆڤ و ژینگە
4. ڕێكخراوی دارێ
5. ڕێكخراوی تواناسازی ژنان
6. ڕێكخراوی مرۆڤ سەنتەر
7. ڕێكخراوی ژینگەی تەندرووست
8. ڕێكخراوی ژینگە دۆستی

• تۆڕی ڕێكخراوەكانی هەڵەبجە:
1. سەنتەری گەشەپێدانی چالاكی لاوان
2. كۆمەڵەی كوردستانێكی سەوز
3. سەنتەری پەرەپێدانی لاوان
4. ڕێكخراوی شنرۆیی كاكەی بۆ پەرەپێدانی مرۆیی
5. ڕێكخراوی سینا بۆ توێژینەوە و پەرەپێدان
6. دەستەی چاوێریی پارێزگای هەڵەبجە
7. ڕێكخراوی توانست بۆ گەشەپێدانی تواناكان
8. ڕێكخراوی شارێ بۆ پەرەپێدانی تاك
9. ڕێكخراوی دڵ بۆ پەروەردە و خزمەت
10. ڕێكخراوی پەیوەندی خوێندكاران و لاوانی كوردستان
11. ڕێكخراوی هەنار بۆ كشتوكاڵ و ژینگە
12. ڕێكخراوی نیشتیمانی كورد بۆ پەروەردە و ژینگە
13. ئینستتیوتی ژیار بۆ پەروەردە و گەشەپێدانی مرۆیی
14. ڕێكخراوی گەشەپێدانی قوتابیانی كوردستان
15. ڕێكخراوی پەیوەندی ئیسلامی خوشكان
16. یەكگرتووی خوشكانی ئیسلامی كوردستان
17. كۆمەڵەی شاخەوانی هەڵەبجە
18. ڕێكخراوی گورچیلە پارێزی كورستان
19. دەستەی داكۆكی لە زانكۆ و پەیمانگاكان
20. ڕێكخراوی خوشكانی ئیسلامی كوردستان
21. ڕێكخراوی سروشتی كوردستان
22. ڕێكخراوی بژێوی كورد
23. ڕێكخراوی هاریكاری یاسای ژنان
24. ڕێكخراوی ژیوای

• سەكۆی پەروەردەی سەردەم:
1. ڕێكخراوی پەروەردەی سەردەم
2. ڕێكخراوی گەشەپێدانی پەروەردە
3. ڕێكخراوی پەروەردەی نوێ
4. ڕێكخراوی پەروەردەی هاوچەرخ