مەسرور بارزانی بۆریی گواستنەوەی گازی لە هەولێر بۆ دهۆک کردەوەو دەڵێت: دەمانەوێت لە کوردستانەوە کارەبا بۆ هەموو عێراق دابین بکەین
پەرەگراف- سەرۆکوەزیرانی مەسرور بارزانی پرۆژەی گەیاندنی بۆریی گازی سروشتی لە هەولێرەوە بۆ دهۆک کردەوە کە ئامانجی پڕۆژەکە گەیاندنی گازی سروشتییه بۆ وێستگەی کارەبای هەزار مێگاواتیی کواشێ لە قەزای سێمێل.
مەسرور بارزانی لە وتارێکدا ڕایگەیاند، کوردستان شوێنێکی دەوڵەمەندە، غازو نەوت و کانزای هەیە، ئەم سامانە سروشتییە موڵکی هەموو خەڵکی کوردستانەو مووڵکی هیچ حزب و کەسێک نییە.
"دەمانەوێت کوردستان بکەینە شوێنێک بۆ دابینکردنی کارەبا بۆ هەموو عێراق و دەوروبەریش، ئەم پرۆژە زیاتر هاوکاریمان دەکات بۆ ژینگەیەکی پاکتر، چونکە گازوایل کاریگەریی هەبوو لەسەر پیسکردنی ژینگە" سەرۆکی حکومەت وای وت.
باسی لەوەش کرد، خزمەتگوزاریی زیاتر بۆ خزمهتكردنی هەرێمی کوردستان پێشكهش دەکەن، حکومەتی هەرێم وەبەرهێنانی زیاتری لە کەرتی غازدا کردووە لەگەڵ کۆمپانیای دانا غاز و کۆمپانیای کار، "ئێستا بەرهەمی غاز گەیشتووەتە دوو بەرانبەری جاران، ئەمەش هاوکاری زیاترمان دەکات لە دابینكردنی کارەبای زیاتر".
گهیاندنی بۆریی گاز لە هەولێرەوە بۆ بۆ وێستگهی کواشێ بە درێژایی 198 کیلۆمەترەو بە بڕی 591 ملیۆن دۆلار لەلایەن کۆمپانیای کارەوە جێبەجێ کراوە.
وێستگەی کارەبای گازیی کواشێ، پرۆژەیەکی بەرهەمهێنانی وزەیە لە هەرێمی کوردستان بە توانای بهرههمێنانی 1000 مێگاوات کارەبا، پرۆژەکە لەلایەن کۆمپانیای "ماس گروپ هۆڵدینگ"، بە گرێبەست لەگەڵ حکومەتی هەرێم جێبەجێ دەکرێت.