پەرەگراف- پێنجەمین کۆنفرانسی زانستی نێودەوڵەتی تایبەت بە جینۆسایدی گەلی کورد لە شاری دهۆک دەستی پێکرد کە دوو ڕۆژ بەردەوام دەبێت، کۆنفرانسەکە توێژەران، بەرپرسان، ڕزگاربووان و میوانانی نێودەوڵەتی کۆدەکاتەوە بۆ تاوتوێکردنی بەڵگەنامە و چەسپاندنی دادپەروەری و دانپێدانانەکان بەو جینۆسایدانەی بەرامبەر کورد کە لە دەیەکانی ڕابردوودا ئەنجامدراون.
مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی لە وتارێکدا باسی ئەو تاوانانەی کرد کە لە ناوەڕاستی سەدەی ڕابردوو بەرامبەر کورد ئەنجام دراون و داوای گەرەنتیی دووبارە نەبوونەوەیانی کرد.
بارزانی وتی "قەدەری گەلی کوردستان هەر بە درێژایی مێژوو، هەر ئێش و ئازار و ستەم بووە. بەتایبەتی لە سەدەی ڕابردوو، بە شێوەیەکی زۆر ڕێکوپێک و بەرنامە بۆ داڕێژراوی جینۆسايدی گەلی کوردستان دەستیپێکرد. لە ساڵانی 1975 تا ساڵی 1980، لە کوردانی فەیلییەوە دەستیپێکرد".
"پاشان ئەنفالی بارزانییەکان لە ساڵی 1983، پاشان ئەنفالی فراوانی سەرتاسەری کوردستان لە ساڵەکانی 1987 و 1988، پاش کیمیابارانی دۆڵی خۆشناوەتی و دۆڵی باڵیسان و ناوچەی نێروێ لە ئامێدیێ کە چەندین جار بارەگای پێشمەرگە و بارەگای لقی یەکی پارتی کیمیاباران کران. پاش تەواوبوونی ئەم ئەنفالانە، لە 16ی 3ی 1988 کیمیابارانی هەڵەبجە، کە وەک تەتویج بوو، بۆ ئەو تاوانانەی دەستیان پێکردبوو. کۆتا جینۆسایدی گەورە کە خوێن لە دڵی مرۆڤ دەڕژێت کە دەیبینێت، جینۆسایدی ئێزدییەکان بوو لە ساڵی 2014. هەموو ئەمانە نیشانی دەدەن کە قۆناغ بە قۆناغ چ زوڵم و ستەمێک لەم میللەتە کراوە. چ قوربانییەکی داوە ئەم میللەتە بۆ ئەو ئازادییەی بەدەستی هێناوە. ئەم تاوانانە هێندە گەورەن لەبیر ناکرێن، هەرگیز لەبیر ناکرێن" بارزانی وای وت.
سەرۆکی پارتی وتیشی "گرنگ ئەوەیە ئەم تاوانانە لەبیر نەکرێن؛ بەڵام نەوەی داهاتوو بزانن چی بەسەر باو و باپیرانیان هاتووە. بزانن ئەم ئازادییە بە چ قیمەتێک بەدەست هاتووە. بە منەتی کەس نەبووە و کەس خێری پێ نەکردووین. ئەوەی زۆر گرنگترە ئەوەیە کە ئەو تاوانانە دووبارە نەبنەوە. ئەو گەرەنتییانە هەبن، کە جارێکی تر ئەو تاوانانە نە لە کوردستان و نە لە هیچ شوێنێکی تر دووبارە نەبنەوە. بەداخەوە، بەڵام تا ئێستاش هەندێک کەس ماون، لە ژێر کاریگەریی ئەو فەرهەنگەدان کە ئەنفالیان ئەنجام داوە. نابێت ئەم فەرهەنگە لە عێراقدا بمێنێت".