قوباد تاڵەبانی: رێژەیەکی گەورەی خەڵک ناڕازین و دابەشبوونی خەڵکی ناڕازی تەنها لە بەرژەوەندیی پارتیدایە

27-10-2025 11:59

پەرەگرافقوباد تاڵەبانی دەڵێت، رێژەیەکی گەورەی خەڵک ناڕازین لە شێوازی ئیدارەدان و حکومڕانی و ناڕازین لەبەر پەراوێزخران و نادادپەروەری، داواش دەکات ناڕازییەکان دەنگ بە حیزبەکەی بدەن.

"زۆرینەیەکی گەورەی ئەم خەڵکە ناڕازییە لە رابردوودا بنکەی جەماوەری یەکێتی بوون. هەندێکیان لە خەمساردی و بێ بەرنامەیی و ناکۆکی ناوخۆیی ناو یەکێتی ناڕازی بوون و هیوابڕاو بوون لە یەکێتی و بەشدارییان لە هەڵبژاردندا نەدەکرد. هەندێکیشیان هیوایان لەسەر چەند هێزێکی ئۆپۆزسیۆن هەڵچنی و دەنگیان بەوان دەدا" قوباد تاڵەبانی لە بانگەشەی هەڵبژاردنی یەکێتی لە هیران و باسرمە وای وت.

قوباد تاڵەبانی دەشڵێت "ئەم دابەشبوونەی خەڵکی ناڕازی تەنها لە بەرژەوەندیی پارتیدا بووە، چونکە پارتی نایەوێت هێزێکی گەورە لە بەرامبەر خۆیدا ببینێت و ستۆپی پێ بکات و پێی بڵێت رێگە نادەم خەڵک لەبەر هەڵوێستیان پەراوێز بخرێن".

تاڵەبانی ڕوو بە خەڵکی ناڕازی دەشڵێت "ئەگەر پێشتر لە یەکێتی ناڕازی بوون، ئێستا یەکێتی هێزێکی تۆکمە و خاوەن بەرنامەیە. هێزێکە سازش لەسەر خواست و داواکاریی خەڵکی ناڕازی ناکات. لە خەڵکی ناڕازی دەپرسم ئایا باشتر نییە لە جیاتی دابەشبوون یان بەشدارینەکردن لە هەڵبژاردن، بە دەنگی خۆیان ئەو حیزبە بەهێزتر بکەن کە هێزی پێویستی هەیە لە کوردستان کۆتایی بە پەراوێزخستن بهێنێت و لە بەغداش کێشەکان چارەسەر بکات؟".

بەرەی ناڕازیی لە هەرێمی کوردستان زۆرینەیەو لە دواین هەڵبژاردنەکاندا زیاتر لە نیوەی ئەوانەی مافی دەنگدانیان هەبووە دەنگیان نەداوەو بایکۆتی پڕۆسەی هەڵبژاردنیان کردووە بەهۆی نیگەرانیی و بێهیواییانە بە پڕۆسەی هەڵبژاردن.

بەپێی ڕاپۆرتێکی پێشتری پەرەگراف، بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق کە دوو هەفتەی دیکە ئەنجام دەدرێ ت، زياتر لە ١٨%ـى دەنگدەرانى هەرێم بەشداریى پرۆسەکەی نوێكردنەوەی تۆماری بایۆمەتریی دەنگدەرانیان نەکردووە، بەوەش مافی دەنگدانیان نابێت و پێشوەختە بایکۆتى هەڵبژاردنیان ڕاگەیاندووە.

بەپێى تۆمارى نوێ، دەنگدەرانى هەرێمى کوردستان کە ژمارەیان نزیکەى سێ ملیۆن و ١٠٠ هەزارە، ڕێژەى زیاتر لە ١٤%ـى کۆى دەنگدەرانى عێراق پێک دەهێنن. ژمارەى ئەو کورسییانەش کە بۆ سێ پارێزگاکەى هەرێم دابین کراوە، ٤٦ لە کۆى ٣٢٩ کورسییە، کە دەکاتە ١٣.٩٨%ـى کۆى کورسییەکان، کە دوو کورسییان لە هەولێر و دهۆک بۆ کۆتاى مەسیحییە، لە بازنەى سلێمانى هیچ کورسییەکى پەرلەمان بۆ کۆتاى کەمایەتییە ئایینییەکان تەرخان نەکراوە.

سێ ملیۆن و ٨٠٠ هەزار کەس لە هەرێمى کوردستان مافى دەنگدانیان هەیە، بەڵام ٧٠٠ هەزاریان کە دەکاتە ڕێژەى 18.42.%ـى کۆى دەنگدەران، بەشداریى پرۆسەى نوێکردنەوەى تۆمارى دەنگرانیان نەکردووە. بەوپێیەش لە هەر پێنج دەنگدەرێک، نزکەی دەنگدەرێکیان هەر لە ئێستاوە بایکۆتى پێشوەختەى کۆى پرۆسەى هەڵبژاردن و دەنگدانیان کردووە، ئەوەش لە دەرئەنجامى بێمتمانەیان بە گۆڕانکارى لە ڕێگەى هەڵبژاردنەوە.

له هەڵبژاردنەکانى پێشوودا، تەنانەت ڕێژەیەکى بەرچاو لەو دەنگدەرانەش کە مافى دەنگدانیان هەیە، دەنگیان نەداوە و هەڵبژاردن لە دواى هەڵبژاردن ڕێژەکە لە بەرزبوونەوەدایە، ئەوەش لە بەرانبەر ئەو ناڕەزایەتییەى لە پرۆسەى سیاسى و دەسەڵاتداران هەیانە.