بافڵ تاڵەبانى: بەغداد پێشنیازى کرد مووچەى سلێمانى بە جیا بدات، وتمان نامانەوێت

25-10-2025 01:25

پەرەگراف

بافڵ تاڵەبانی ئاشكرای دەكات كە پێشنیازێكی بەغدادیان بۆ پێدانی مووچەی سلێمانی و دەوروبەری بە جیا، ڕەت كردووەتەوە. بە توانجیشەوە لەبارەی قسەكەی مەسعود بارزانییەوە دەپرسێت: قابیلی قبووڵ نییە، چارەسەرە؟

بافڵ تاڵەبانی، سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانی، لە هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردندا لە كۆیە، وتی "لە بەغدادەوە هاتن، وتیان با ئێمە ڕاستەوخۆ مووچەی سلێمانی و ئەملا بدەین، وەڵامی یەكێتی ئەوە بوو كە: زۆر سوپاس، بەڵام نامانەوێ‌".

بافڵ تاڵەبانی وتیشی "ئێمە كوردستان بە یەك چاو دەبینین. ئەو پێشنیازەیان بۆ لایەنێكی تر بكرادیە، خۆیان جیانەدەكردەوە بۆ ئەوەی ورگی خۆیان پڕ بێت؟".

هەر سەبارەت بە كێشەی مووچە، سەرۆكی یەكێتی وتی "چەند مانگێك لەمەوپێش مووچە نەبوو. ئەمان لەملاوە دەیانوت: نایكەم، قابیلی قبووڵ نییە. ئەمە چارەسەرە؟"، کە مەبەستى قسەکانى بارزانییە لەبارەى کێشەى مووچەوە.

سەرۆکى یەکێتى تەنیا بەوەوە نەوەستا و هێرشى کردە سەر پارتى و وتى "دەنگدان بەو لایەنەى کە لە وەڵامى هەموو کێشەیەدا دەڵێت قابیلى قبووڵ نییە و نایکەم، سووتاندنى دەنگە". بانگەشەى ئەوەیشى کرد کە "تەنیا یەکێتى" کار بۆ مافەکانى هاووڵاتیان لە بەغداد دەکات و دەتوانێت بەدیى بهێنێت. 

دەربارەی بە پێكهێنانی كابینەی دەیەمی حكومەتی هەرێمیش كە سەرۆكی یەكێتی كردوویەتی بە بەشێك لە بانگەشەی هەڵبژاردنی حیزبەكەی، ئەمڕۆیش وتی "بە ناوی خوای گەورە و میهرەبان، ناچینە ناو حكومەتێك تا نەزانین هەموو شارێكی كوردستان بە یەك چاو سەیر دەكرێت و وەكوو یەك خزمەت دەكرێت".