نێچیرڤان بارزانى: نەینەوا عێراقێکى بچووکە و مەیدانێکى گەورەى ڕکابەرییە

24-10-2025 03:45

پەرەگراف

نێچیرڤان بارزانى، جێگرى سەرۆکى پارتى دیموکرات، دەڵێت "نەینەوا عێراقێکى بچووکە و مەیدانێکى گەورەى ڕکابەرییە، هەموو حیزبە عێراقییەکان ململانێ لەسەر ئەم سنوورە جوگرافییە دەکەن".

نێچیرڤان بارزانى لە هەڵمەتى بانگەشەى هەڵبژاردنى حیزبەکەى لە نەینەوا، ئەو پارێزگاى بە "ناوچەیەکى زۆر گرنگ کە هاوسنوورى هەرێمى کوردستانە" ناو برد، ئەمە جگە لەوەى کە بەشێک لە ناوچەکانى دەکەونە سنوورى ماددەى ١٤٠، بۆیە جەختى کردەوە کە "ئەمڕۆ ئێمە بۆ یەک پەیام لێرەین، ئەویش ئەوەیە کە دەبێت پارتى لە نەینەوا حیزبى یەکەم بێت".

جێگرى یەکەمى سەرۆکى پارتى وەکوو پەیامەکانى لە هەڵمەتى بانگەشەى ناوچەکانى دیکە، دووپاتى کردەوە کە "ئەم هەڵبژاردنە زۆر گرنگ و مێژووییە، بۆ هەرێمى کوردستان قۆناغى جێبەجێکردنى دەستوورە".

نێچیرڤان بارزانى هۆکارى ئاڵۆزییەکانى ساڵانى ڕابردووى عێراقى بۆ "جێبەجێنەکردنى دەستوور" و سەرهەڵدانى داعشى بۆ "سیاسەتێکى هەڵەى پشتگوێخستنى خەڵکى ڕەسەنى عێراق" گەڕاندەوە و وتى "ساڵى ٢٠١٢ کە هەندێک خۆپیشاندان لە فەلوجە کرا، داعش نەبوو. خەڵک داواى خزمەتگوزارییان دەکرد، بەڵام کە پشتگوێ خران، توندووتیژیى لێ کەوتەوە".