ئاماری حکومەتی هەرێم: بازرگانیکردن بە مرۆڤ دوو هێندە زیادی کردووەو تاوان %١٦ بەرزبووەتەوە
پەرەگراف- نووسینگەی رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکانی حکومەتی هەرێم بڵاویکردەوە بازرگانیکردن بە مرۆڤ لە هەرێمی کوردستان دوو هێندە زیادی کردووەو ساڵی ڕابردوو 79 کەس بەو تۆمەتە دەستگیرکراون، رێژەی تاوانکردنیش %١٦ بەرزبووەتەوە.
ئەمڕۆ لە کۆڕبەندی دەرئەنجامەکانی جێبەجێکردنی پلانی حکومەتی هەرێم بۆ مافەکانی مرۆڤ(٢٠٢١-٢٠٢٥) نووسینگەی رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان ڕاپۆرتێکی بڵاوکردەوە سەبارەت بە هەوڵ و چالاکییەکانی حکومەت لە بواری مافەکانی مرۆڤ و تێیدا کۆمەڵێک ئامار لە بواری جیاجیادا خراونەتەڕوو.
لە بەشێکی راپۆرتەکەدا ئەوە خراوەتەڕوو، ساڵی 2024 بەراورد بە ساڵی 2023، بەگشتی رێژەی تاوان کردن 16٪ بەرزبووەتەوە، هاوکات ساڵی ڕابردوو بەراورد بە 2023، تاوانەکانی تایبەت بە هەرزەکاران (مێرمنداڵان) 25٪ کەمبوونەوەی بەخۆیەوە بینیوە.
ڕاپۆرتەکەی نووسینگەی رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان باس لەوەش دەکات، لە ساڵی 2024ـدا بازرگانیکردن بە مرۆڤ نزیکەی دوو هێندە زیادی کردووە و 396 حاڵەت تۆمار کراوەو ٧٩ کەس بەو تۆمەتە دەستگیر کراون.
هەربەپێی ئامارەکان، کاری زۆرەملێ لە زیادبووندایە و 'لە 17 حاڵەتی ساڵی 2021ـوە بۆ 49 حاڵەت لە ساڵی 2024 زیادیکردووە، هەروەها بازرگانیی سێکسیی لە 9 حاڵەتی ساڵی 2021ـوە بۆ 25 حاڵەت لە ساڵی 2024 بەرزبووەتەوەو بازرگانیکردن بە ئەندامانی جەستە لە هەرێمی کوردستان لە 54 حاڵەتی ساڵانی 2022 و 2023، بۆ 103 حاڵەت لە ساڵی 2024 بەرزبووەتەوە.
ڕاپۆرتەکە ئەوەی خستووەتەڕوو کە حکومەتی هەرێم، رێکاری تووندی گرتووەتەبەر بەرامبەر بازرگانیکردن بە مرۆڤ، هەروەها لە ساڵی 2024ـدا، 27 خولی راهێنانی تایبەتمەند بۆ کارمەندانی دامەزراوە پەیوەندیدارەکان سەبارەت بە بەرەنگاربوونەوەی بازرگانیکردن بە مرۆڤ کراوەتەوەو ژمارەی پەیوەندیی راستەوخۆ دابین کراوە، بۆ وەرگرتنی سکاڵاکانی تایبەت بە بازرگانیکردن بە مرۆڤ و بەدواداچوون بۆ پێشێلکارییەکان.