پەرەگراف
وەزیری دەرەوەی ئەمریكا لە پەیوەندییەكی تەلەفۆنیدا پیرۆزبایی دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێم لە سەرۆكوەزیرانی عێراق دەكات، داوایشی لێ دەكات لە كە "هەرچی زووە" گرووپە چەكدارییەكانی سەر بە ئێران لە چەك دابماڵێت. هاوكات ئیسماعیل قائانی گەیشتووەتە بەغداد و لەگەڵ سەركردەكانی شیعە و گرووپە چەكدارییەكان كۆبوونەوەی نهێنیی ئەنجام داوە.
بەپێی ڕاگەیەندراوی نووسینگەی وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا، پەیوەندییە تەلەفۆنییەكە مارك ڕۆبیۆ و محەمەد شیاع سوودانی، ئەمڕۆ ئەنجام دراوە. تێیدا ڕۆبیۆ جەختی كردووەتەوە كە "میلیشیاكان سەروەریی عێراق دەشێوێنن، هەڕەشە لە ژیان و كاری ئەمریكییەكان و عێراقییەكان دەكەن، سەرچاوەكانی عێراق بۆ ئێران تاڵان دەكەن".
هاوكات وەزیری دەرەوەی ئەمریكا پابەندبوونی ئەمریكای بە كاركردنی نزیك لەگەڵ هاوبەشە عێراقییەكان بۆ پێشخستنی بەرژەوەندییە هاوبەشەكان دووپات كردووەتەوە و جەختی لە "پاراستنی سەروەریی عێراق، بەهێزكردنی سەقامگیری ناوچەكە و پتەوكردنی پەیوەندییە ئابوورییەكان" كردووەتەوە.
لەگەڵ ئەوەشدا وەزیری دەرەوەی ئەمریكا و دەربارەی هەوڵەكان بۆ تەواوكردنی گرێبەستە بازرگانییەكانی نێوان ئەمریكا و عێراق گفتوگۆی لەگەڵ سەرۆكوەزیرانی عێراق كردووە، هەروەها پیرۆزبایی دەستپێكردنەوەی هەناردەكردنی نەوتی هەرێمی كوردستانی لێ كردووە لە ڕێگەی هێڵی بۆریی عێراق-توركیا، كە "سوودی بۆ عێراق و توركیا و وەبەرهێنەرانی ئەمریكی دەبێت".
لەگەڵ ئەو پەیوەندییە تەلەفۆنییەی ڕۆبیۆ و سوودانی، میدیای عێراقی ئاشكرای كرد كە ئیسماعیل قائانی، فەرماندەی فەیلەقی قودسی سوپای پاسدارانی ئێران، ئەمڕۆ بە سەرادنێكی نهێنی هاتووەتە عێراق و لەگەڵ بەشێك لە سەركردە سیاسییە شیعەكان و فەرماندەی گرووپە چەكدارەكانی نزیك لە ئێران كۆبووەتەوە، بەڵام ئامانجی سەردانەكە و ناوەڕۆكی گفتوگۆكان ئاشكرا نەكراوە.