بیرۆكەی هەڵوەشاندنەوەی گۆڕان و دابەشكردنی سەروەت و سامانەكەی ئاشكرا ‏دەكرێت

21-10-2025 08:26

پەرەگراف

سەركردەیەكی بزووتنەوەی گۆڕان بیرۆكەیەك بۆ "هەڵوەشاندنەوەی گۆڕان و ‏دابەشكردنی سەروەت و سامانەكەی" لەنێوان دوو ئاراستەكەی بزووتنەوەكەدا، ‏ئاشكرا دەكات. بیرۆكەكە "بە ڕاوێژ" لەگەڵ گۆڕانی كوردستان كراوە. كوڕەكانی ‏نەوشیروان مستەفا "پێیان باش بوو"ـە، بەڵام چیا ڕایگەیاندووە كە "دانوستان" ‏لەسەر كەلوپەل و شتەكانی ناو گردەكە ناكات.‏

شەماڵ عەبدولوەفا، سەركردەی دیاری بزووتنەوەی گۆڕان، لە ڕوونكردنەوەیەكدا ‏دەڵێت "پێش كەمتر لە دوو مانگ، دوای ڕاوێژ لەگەل باڵی كوردسات، من كاك و ‏مستەفای سەید قادر دانیشتنێكمان لەگەڵ كاك چیا ڕێك خست و چووینە لای، تا ‏بیرێك لە دوادەرچە بۆ ئەم بارە نالەبارەی بزووتنەوەی گۆڕان بكەینەوە".‏

نما نەوشیروان مستەفایش بە تەلەفۆن لە كۆبوونەوەكەدا بەشدار بووە و هەریەك ‏لە مستەفا سەید قادر و شەماڵ عەبدولوەفا، بیرۆكەیەكیان بۆ چارەسەری ‏كێشەكانی نێوان دوو ئاراستەكەی گۆڕان خستووەتە ڕوو.‏

‏"وەك ناتوانین ڕێك بكەوین، ناتوانین پێكەوە كار بكەین، ناتوانین لەژێر یەك ‏چەتر و لە یەك ماڵدا هەڵ بكەین، با بە هێمنی و لەسەر خۆ و بە ئەدەب و ‏ئاكارێكی بەرزەوە، لە یەك جیا ببینەوە و دوور بكەوینەوە لە پەلاماری یەكتری و ‏یەكتر شكاندن"، شەماڵ عەبدولوەفا وای بە چیا نەوشیروان مستەفا وتووە.‏

بەپێی ڕوونكردنەوەی شەماڵ عەبدولوەفا، پاشان ئەو دوو سەركردەی گۆڕان ‏بیرۆكەكەیان خستووەتە ڕوو و وتوویانە "با بزووتنەوەكە هەڵبوەشێنینەوە. چی ‏سەروەت و سامانی هەیە دابەشی بكەین. دواتر كێ و چ لایەك سەرپشك دەبێت ‏چی دەكات؟ سەروەت و سامانەكەی دەبەخشێ یان نا؟".‏

شەماڵ عەبدولوەفا دەڵێت "كوڕەكانی ڕەوانشاد بیرۆكەكەیان پێ باش بوو. وەكوو ‏پرەنسیپێكی سەرەتایی، وتیان پرس بە برادەرەكانمان دەكەین لەسەر شێواز و ‏فۆرمی كارەكە، دواتر وەڵامتان دەدەینەوە".‏

‏"چیا تەحەفوزێكی لەسەر مومتەلەكاتی ناو گردەكە ھەبوو و وتی: ئەو بابەتە لای ‏من بڕاوەیە كە دانوستانی لەسەر بكەین، بەڵكو لەسەر سەروەت و سامانی دەرەوەی ‏گردەكە ڕێك بكەوین"، شەماڵ عەبدولوەفا وا دەڵێت.‏

ئەو سەركردەی گۆڕان ڕایدەگەیەنێت كە تا ئێستا چاوەڕێی وەڵامن بۆ ئەو ‏بیرۆكەیە.‏