حکومەتی هەرێم 120 ملیار دینار لە داهاتی نانەوتی ڕادەستی بەغداد دەکات

21-10-2025 08:27

پەرەگراف

سەرچاوەیەک لە حکومەتی هەرێم بە پەرەگرافی ڕاگەیاند، ئەمڕۆ سێشەممە 120 ملیار دینار لە داهاتی نانەوتیی هەرێم ڕادەستی بەغداد کراو حکومەتی هەرێم چاوەڕێیە لەم هەفتەیەدا بەغداد پارەی مووچەی ئابی فەرمانبەران ڕەوانە بکات.

زیاتر لە دوو مانگ و نیو تێپەڕیوە، مووچەی مانگی ئابی 2025 هێشتا بۆ نزیکەی 1.2 ملیۆن فەرمانبەری گشتیی لە هەرێمی کوردستان خەرج نەکراوە. دواکەوتنی درێژخایەن بێزاری لەنێو مامۆستایان، فەرمانبەرانی کەرتی گشتی و هێزە ئەمنییەکاندا قووڵتر کردووەتەوە، کە هەردوو حکومەتی هەرێم و حکومەتی فیدراڵیی عێراق بە پشتگوێخستنی ئەرکەکانیان تۆمەتبار دەکەن.

سەرچاوەکە ڕایگەیاند کە حکومەتی هەرێم بە تەواوی پابەندییەکانی دارایی جێبەجێ کردووە بە ڕادەستکردنی داهاتی نانەوتی، وەک بەشێک لە میکانیزمی دابەشکردنی مووچە کە لەگەڵ بەغداد ڕێککەوتنی لەسەر کرا. سەرچاوەکە وتی: "ڕادەستکردنەکە ئەمڕۆ تەواو بوو، ئێستا چاوەڕێین بەغداد پارەی مووچە خەرج بکات."

محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق، دوێنێ ڕایگەیاند کە بەغداد کێشەی نەوتی خۆی لەگەڵ هەرێمی کوردستان چارەسەر کردووە و گفتوگۆکان لەسەر داهاتی نانەوتی بەردەوامن. ئەو جەختی کردەوە کە ئەم گفتوگۆیانە "کاریگەری لەسەر خەرجکردنی ئاسایی مووچە نابێت."

سەرەڕای دڵنیاییەکانی سەرۆک وەزیران، هێشتا فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان مووچەی مانگی ئابیان وەرنەگرتووە.