ساڵێک دوای هەڵبژاردن؛ پێکهێنانی حکومەت لە کێبڕکێی نێوان پارتی و یەکێتیدا ھێشتا نادیارە
پەرەگراف- ئەمڕۆ یەکەمین ساڵیادی شەشەمین ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانە، بەڵام ھەرێم ھێشتا بێ حکومەتێکی نوێ و پەرلەمانێکی کارایە. بنبەستە درێژخایەنەکە لەنێوان پارتی و یەکێتیدایە کە دوو حیزبی دەسەڵاتدار و براوەی سەرەکی بوون لە ھەڵبژاردنی ٢٠٢٤.
سەرەڕای بەدەستھێنانی کورسی پێویست پێکەوە بۆ پێکھێنانی حکومەتێکی زۆرینە، دوو ڕکابەرە مێژووییەکە شکستیان ھێناوە لە ڕێککەوتن لەسەر دابەشکردنی دەسەڵاتەکان، بەتایبەتی لەسەر پۆستە ئەمنیی و ھەواڵگرییەکان.
لە ئەنجامدا، کابینەی دەیەمی حکومەتی ھەرێمی کوردستان پێکنەھاتووە و پەرلەمان نەیتوانیوە دانیشتنەکانی دەستپێبکاتەوە لەدوای یەکەمین دانیشتنی لە مانگی کانوونی یەکەمی ڕابردوو.
لە نوێترین لێدوانیدا، مەسعود بارزانی لەبارەی پێکهێنانی حکومەتەوە لە یەکێتی نیگەرانە، داوای لێ دەکات "لەوە زیاتر بەهانە نەدۆزنەوە". بە ئاشکرایش ڕایدەگەیەنێت کە ئەو کۆتا پێشنیازەی پۆستەکان کە پارتی بۆ یەکێتیی کردووە، "هاوسەنگیی زۆری تێدایە و لەوە باشتر و زیاتر مومکین نییە".
مەسعود بارزانی، سەرۆكی پارتی دیموكرات، ١٨ی ئەم مانگە لە كۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ مامۆستایانی ئایینی وتی "ئومێدەوارم پێش هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق، ئەو مەسەلە کۆتایی بێت و برایانی یەكێتی بێن لەگەڵ پارتی حكومەت پێك بهێنن، چونکە نە لە بەرژەوەندیی هەرێمە، نە لە بەرژەوەندیی ناوچەکەیە".
بارزانی ئاماژەی بەوە کرد "پاش نزیکەی ساڵێک لە گفتوگۆ، پارتی و یەکێتی لەسەر شێوەی بەڕێوەبردنی حکومەت ڕێککەوتوون".
سەرۆکی پارتی ئاشکرای کرد حیزبەکەی ئۆفەرێکی نوێی پۆستەکانی خستووەتە بەردەم یەکێتی، کە بە بۆچوونی بارزانی "عەرزێكی زۆر باشە، هاوسەنگییەکی زۆری تێدایە".
مەسعود بارزانی جەتی کردەوە کە "لەو عەرزەی پارتی داویەتی بە یەكێتی، باوەڕ ناكەم باشتر و زیاتریش مومكین بێت".
هەر هەمان ڕۆژ، بافڵ تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتی لەسەر دواكەوتنی پێكهێنانی حكومەت وتی "قەت حكومەتێك لە كوردستان دانامەزرێت، تاكوو دڵنیا نەبین ئەو حكومەتەیە كە هەڵەكانی دووبارە ناكاتەوە و دەرفەت بە ئێمەش دەدات كە خزمەتی ئێوە (خەڵك) بكەین".
وێنایەکی ئەنجامی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان
پارتی بە بەدەستهێنانی 39 کورسی گەورەترین براوەی دوایین هەڵبژاردنی پەرلەمانە کە لە 20ی ئۆکتۆبەری 2024دا ئەنجامدرا. یەکێتی لە دوای ئەو بە بەدەستهێنانی 23 کورسی پلەی دووەمی گرتووە. پارتەکانی دیکە وەکو نەوەی نوێ کە خاوەنی 15 کورسییە، یەکگرتووی ئیسلامی کوردستانیش کە 7 کورسی بەدەستهێناوە لەگەڵ کۆمەڵێک پارتی دیکەو پێکهاتەکانیش بە هەموویان 38 کورسییان بەدەستهێناوە لە ١٠٠ کورسییەکەی پەرلەمان. 5 کورسییەکەی کەمینەکان کە بۆ پێکهاتەی مەسیحی و تورکمان تەرخان کراوە دابەشبوون بەسەر پارتی و یەکێتیدا، سێ کورسی لەپاڵ پارتیدان و دوو کورسییەکەی تریش پاڵیان داوە بە یەکێتییەوە.
بۆ پێکهێنانی حکومەت زۆرینەیەکی سادەی 51 کورسیی پێوێستە، بەڵام ئەم خولەی پەرلەمانی کوردستان پەرلەمانێکی زۆر پارچەپارچە و دابەشبووەو کۆکردنەوەی ئەو زۆرینەیە ئاسان نییە، ئەمەش وای لە پارتی کردووە کە براوەی یەکەمی هەڵبژاردنە بەپێی ژمارەی کورسی ڕووبەڕووی ئاستەنگی گەورە ببێتەوە لە پێکهێنانی حکومەتێکی هاوپەیمانی.
سەرباری ئەوەش حەوت حزبی ئۆپۆزسیۆنی هەرێمی کوردستان جگەلە جوڵانەوەی نەوەی نوێ، ئەنجامی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانیان بەدڵ نییە، ئەنجامەکان ڕەت دەکەنەوەو تۆمەتی ساختەکاری و تەزویر دەدەنە پاڵ هەڵبژاردنەکە و بە "هەڵبژاردنێکی دیزاینکراو" ناوی دەبەن. تەنانەت کۆمەڵی دادگەری بڕیاری بایکۆتی ئەم خولەی پەرلەمانی کوردستانی داوە. بەڵام کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق ئەو تۆمەتانەی ڕەت کردووەتەوە.
ناوهێنانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بە "هەڵبژاردنێکی دیزاینکراو" کاری پارتی قورس کردووە بۆ پێکهێنانی حکومەت، چونکە جگە لە کۆمەڵ کە بایکۆتی پەرلەمانی کردووە، پارتەکانی دیکەی ئۆپۆزسیۆنیش لەڕوویان نایەت بەشداری حکومەت بکەن ئەگەر دڵیشیان لێبدات بۆ بەشداری لە کابینەی دەیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان.
حکومەتی هاوپەیمانی
سەرەڕای ڕکابەرییەکانیان، سیناریۆی هەرە دیار بۆ پێکهێنانی حکومەتی هەرێم، هاوپەیمانی نێوان پارتی و یەکێتییە کە پێکەوە 67 کورسییان بەدەستهێناوە بە کورسی پێکهاتەکانیشەوە، پارتی 39 کورسی بەدەستهێناوە لەگەڵ سێ کورسی پێکهاتەکان کە لایەنگری پارتی دەکەن، ژمارەی کورسییەکانی پارتی دەبێتە 42، هەروەها یەکێتی خاوەنی 23 کورسییە لەگەڵ دوو کورسی پێکهاتەکان کە پشتگیری یەكێتی دەکەن کورسییەکانی یەکێتی دەبێتە 25 کورسی. هیچ کام لە یەکێتی و پارتی لە ئەرزی واقیعدا ناتوانن بە تەنها و بە پشتگوێخستنی یەکتری حکومەت پێکبهێنن چونکە لایەنەکانی دیکە ئۆپۆزسیۆنبوون یاخود بایکۆتیان هەڵبژاردووە جگەلە نەوەی نوێ کە مەرجی قورسی هەیە بۆ بەشداری لە حکومەت.