پەرەگراف
دۆناڵد ترەمپی سەرۆكی ئەمریكا، وەبەرهێنەرێكی وەكوو نوێنەری ئەمریكا بۆ كاروباری عێراق دیاری كرد. مارك ساڤایا، هاووڵاتیی ئەمریكیی بە ڕەچەڵەك عێراقی، گەورەبازرگانی ماریوانا و بانگەشەكارێكی دیاری ترەمپ لە هەڵبژاردنەكاندا بووە.
ترەمپ لە تروس سۆشیال بڵاوی كردەوە "دڵخۆشم كە ڕایدەگەیەنم مارك ساڤایا بوو بە نێردەی تایبەتی ئەمریكا بۆ عێراق".
بە قسەی ترەمپ،"تێگەیشتنی قووڵی" ساڤایا لە "پەیوەندییەكانی عێراق و ئەمریكا و پەیوەندییەكانی لە ناوچەكە، یارمەتیدەر دەبێت لە "پێشخستنی بەرژەوەندیی هاووڵاتییانی ئەمریكا".
سەرۆكی ئەمریكا دەشڵێت "مارك كارەكتەرێكی سەرەكیی كەمپینەكەم بوو لە میشیگن، كە تێیدا ئەو و كەسانی دیكەش هاوكار بوون لە بەدەستهێنانی دەنگی موسڵمانان".
مارك ساڤایا بە ڕەچەڵەك خەڵكی عێراقە، هاووڵاتییەكی مەسیحییە. ڕۆڵێكی گەورەی هەبوو لە سەركەوتنی دۆناڵد ترەمپ بەسەر كامالا هاریس لە هەڵبژاردنی سەرۆكایەتیی ئەمریكا لە ویلایەتی میشیگن، كە ترەمپ بە جیاوازیی كەمتر لە 2٪ دەنگی ئەو ویلایەتەی بردەوە.
ساڤایا ڕۆڵی لە ئازادكردنی ئیلیزابێس سووركۆڤ، بارمتەی ئسرائیلی هەبووە، ئەو كچە بەبارمتەگیراوە دوای ئازادكردنی، یەكێك لەو كەسانەی كە سوپاسی كرد، مارك ساڤایا بوو.
ئیلیزابێس سووركۆڤ، كچێكی ئیسرائیلیی بە ڕەچەڵەك ڕووسییە، خوێندكاری دكتۆرایە لە كۆلێژی زانستە سیاسییەكان لە زانكۆی پرینستنی ئەمریكا. بۆ نووسینی نامەی دكتۆراكەی سەردانی عێراقی كرد و لە مانگی 5ـی 2023 لە بەغداد ڕفێندرا. لە ڕۆژی 10-09-2025ـەوە ئازادكردنی لەلایەن سەرۆكی ئەمریكا و سەرۆكوەزیرانی عێراقەوە ڕاگەیەندرا.
مارك ساڤایا وەبەرهێنەرێكی ئەمریكییە كە كۆمپانیای بەرهەمهێنانی ماددەی هۆشبەری ماریوانای هەیە. ماریوانا بۆ هەردوو بواری چێژوەرگرتن و دەرمان بەرهەم دەهێنێت.
ماریوانا (ماریجوانا)، لە ڕووەكی شەدانە دروست دەكرێت. لە ڕیزی ماددە هۆشبەرەكاندا پۆلێن كراوە. هەندێك جار بۆ پێداویستیی پزیشكی بەتایبەت بواری سڕكردن بەكار دەهێنرێت، هەندێك جاریش بۆ چێژوەرگرتن وەكوو ماددەی هۆشبەر بەكار دەهێنرێت.
بەكارهێنانی بۆ چێژوەرگرتن لە بەشێك لە وڵاتان قەدەغەیە، بەڵام لە ئەمریكا و بەشێك لە وڵاتانی ئەورووپا بەكارهێنانی ڕێژەی دیاریكراوی ڕێپێدراوە.